ساڵی رابردوو 200 تۆن هەناری هەڵەبجە ڕەوانەی چواروڵاتی ئەوروپی كرا

0
349

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری كۆمپانیای هەناری سازان بۆ ڕەوانەكردنی هەنار بۆ دەرەوە ئاماژە بەوەدەكات بەرهەمی ئەمساڵی هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زۆر كەمیكردووە، بەجۆرێك ساڵی ڕابردوو لە سنورەكەماندا زیاد لە 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم هاتووە بەڵام ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ نزیكەی 15 تا 20 هەزار تۆن كەمیكردووە، هاوكات ساڵی ڕابردوو بڕی 200 تۆن هەنارمان هەناردەی چوار وڵاتی ئەوروپی كرد بەڵام ئەمساڵ بڕێكی كەمتر ڕەوانە دەكەین.

فەریدون نامدار، بەڕێوەبەری كۆمپانیای هەناری سازان بۆ هەناردەكردنی بەروبوومە كشتوکاڵییەكان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەگشتی بەرهەمی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە كەمیكردووە ئەوەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی بەسەر كەشوهەوای هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەهەردوو وەرزی زستان و بەهار بووەهۆی ئەوەی هەنار گوڵ نەكات و ئەو گوڵەشی هەناركردبووی لەناو بچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵی ڕابردوو زیاد لە 35 هەزار تۆن هەنار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرهەم هاتووە بەلام ئەمساڵ بەرهەمی هەنار ناگاتە ئەو ڕێژەی ساڵی ڕابردوو لەوانەیە نزیك ببێتەوە تا لە 15 تا نزیكەی 20 هەزار تۆن، بۆیە ئەمەش وادەكات كە بڕیێكی كەمتر هەنار هەناردەی دەرەوە بكرێت.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای هەناری سازان بۆ هەناردەكردنی بەروبومە كشتوڵییەكان ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی ڕابردوو بڕی 200 تۆن هەناری هەڵەبجەمان ڕەوانەی هەیەكە لە وڵاتانی بەریتانیا، سوید، ئەڵمانیا و فینلەندا كرد و خواستێكی زۆری كوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتانەیان لەسەر بوو ئەگەر هەزار تۆنیشمان هەناردە بكرایە هەر ساغ دەبوویەوە، بەڵام جارێ‌ نازانین بۆ ئەمساڵ بڕی چەند و بۆ چ ولاتێكیشی هەناردە بكەین چونكە بەرهەمی هەنار ئەمساڵ كەمیكردووة.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this