دەشتى پێنجوێن هەلی كاری بۆ سەدان هاووڵاتی ره‌خساندووه‌

0
408

SNN – عەلی حەمە سەعید
بەهۆی پێگەیشتنی بەرووبوومە هاوینەییەكان لە سنووری قەزای پێنجوێن و بوونی رووبەرێكی بەرفراوان لە كشتوكاڵ، رۆژانە بە سەدان هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجه‌ و قەزاكانی سەیدسادق و شارەزوور و عەربەتەوە روو لە پێنجوێن دەكەن و سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەربوومی كشتوكاڵین.

ئاری محەمەد، گەنجێكی دانیشتووی ناحییەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە له‌و باره‌یه‌وه‌ بە SNNی راگەیاند، “نزیكەی مانگێك دەبێت رۆژانە بە سەدان هاووڵاتی بێكار كە زۆرینەمان گەنجین و خوێندنمان تەواوكردووە و بەشێكیشمان لە ژنان و كەسانی بەتەمەن پێكدێن رۆژانە لە كاتژمێر چواری سەر لەبەیانییەوە روو لە ناوچەی پێنجوێن دەكەین، لەوێ‌ لە كێڵگەكانی تەماتە و خەیار و شوتی و بیبەر و بەروبوومەكانی دیكە سەرقاڵی كاركردنین”.

وتیشى: “رۆژانە هەر كرێكارێك نزیكەی 25 هەزار دینارمان دەستدەكەوێت و تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ كاردەكەین ئەوەش داهاتێكی باشە و تا ئەوكاتەی بەرووبوومی كشتوكاڵی لە پێنجوێن هەبێت ئێمەش كارمان دەستدەكەوێت لەو بێكارییە رزگارمان دەبێت كە ماوەیەكی زۆرە بەرۆكمانی گرتووە”.

ئه‌و گه‌نجه‌ له‌باره‌ى قورسى كاره‌كه‌یانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، “هەرچەندە لە كارەكەماندا زۆریش ماندوو دەبین، بەڵام هەر دڵخۆشین بەوەی كە رۆژانە بەرەنجی شانی خۆمان بتوانین بژێوی ژیانمان دابینبكەین و رۆژانەش لە قەزاری شارەزوور و سەیدسادق و هەڵەبجە و ناحیەی عەربەتەوە هاووڵاتییانی بێكار روو لە پێنجوێن دەكەن بەمەبەستی كاركردن”.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پێنجوێن بە SNN دراون، “لە سنووری قەزای پێنجوێن رووبەری 414 هەزار و 308 دۆنم زەویی كشتوكاڵی بوونی هەیە، لەو رێژەیەش 24 هەزار و 459 دۆنم زەوی بەراوە، ساڵانە بە هەزاران تۆن بەرهەمی جۆراوجۆر لە تەماتە خەیار شوتی بیبەر باینجان و بامییە و دەیان بەروبوومی دیكە لەو زەوییە كشتوكاڵیانە بەرهەمدێت، بەڵام جوتیاران نیگەرانن لەوەی بەرهەمەكانیان وەك پێویست لەبازاڕەكاندا ساغ نابێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی ئەو بەرهەمانە لەدەرەوە هەمان جۆری بەرهەم هاوردە دەكرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this