“دابینكردنی غاز لە ڕێگەی بۆرییەوە و گەیاندنی بە ماڵان پرۆسەیكی ئاسانە”

0
396

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوەدەكات دابینكردنی غاز لەڕێگەی بۆرییەوە و گەیاندنی بەماڵەكانی هەرێمی كوردستان پرۆسەیكی ئاسانە و لە ئێستادا لە یەكە نشتیەجێبوونەكان ئەو پرۆژەیەمان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات لەئێستادا سەرقاڵی دابینكردنی زەوین بۆ دروستكردنی عەمباری گەورەی كۆگاكردنی غاز، بۆیە بەدڵنیاییەوە هەموو مالێكی ئەم هەرێم بۆری غازی بۆ دابیندەكرێت.

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە SNNی ڕاگەیاند: گەیاندنی غاز لەڕێگەی بۆری بۆماڵەكانی هەرێمی كوردستان لەسەرجەم شاروشارۆچكەكان پرۆژەیەكی درێژخایەنە لەڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانەوە ئەو پرۆژەیە ئەنجام دەدەین، لە ئێستاشدا سەرجەم ئەو پرۆژانەی كە مۆڵەتیان پێدەدرێت دەبێت سیستەمی غازیان مەركەزی بێت، بۆیە دەمانەوێت هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ‌ و وڵاتانی دیكەی جیهان ئەو سیستەمە بۆسەرجەم ماڵەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا داواكاری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە كاری لەسەركراوە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دروستكردنی عەمباری غاز كاری لەسەركراوە و سەرقاڵی دابینكردنی زەوین بۆ ئەو پرۆژەیە، دواتر قۆناغێكی دیكەی پرۆژەكە دەستپێدەكات لەگەڵ پارێزگارو ئیدارە سەربەخۆكان پلان دادەنرێت و دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی پرۆسەكە، ئەم پرۆژەیەش زیاتر پارێزراوە بۆ هاووڵاتیان و ترسی ڕوودانی كارەساتی نییە، هەروەها بەهەدەردانی غازیش كەمدەكاتەوە هاوكات نرخەكەشی كەمتر دەبێت لەو سیستەمەی ئێستا بەشێوەی بوتڵ دابیندەكرێت.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پرۆژەیە وادەكات هاووڵاتیان گرفتی كەمی غازیان نەمێنێت و بەردەوام غاز لەماڵەكانیاندا هەبێت، بۆیە خۆشبەختانە ئەو بڕە غازەی لەهەرێم بوونی هەیە بەشی هەموو ماڵەكانی كوردستان دەكات، بۆیە بەدڵنیایی پرۆسەیەكی ئاسان دەبێت و سەركەوتوو دەبین لە جێبەجێكردنیدا چونە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەمان سیستەم جێبەجێدەكرێت بۆ دابینكردنی غاز.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this