نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

0
1904

SNN

دوای بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک وێنەی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان، کە ژمارەیەکیان مرداربوونەتەوە، شارەزایەکی بواری بەخێوکردنی ماسی رایگەیاندووە، هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بووە.

ئەمڕۆ هەینی 10ی ئایار، ئاراس ڕەسوڵ، خاوەن پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە دەریاچەی دوکان سەبارەت بە مرداربوونەوەی نەورەسەکان بە ماڵپەڕی SNNی راگەیاند، ئەمساڵ دوای تێپەڕبوونی ئەو شەپۆلی کەشوهەوایە بەتایبەت ئەم چەند رۆژەی رابردوو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، گۆڕانی کەشوهەوا بەسەر دەریاچەی دوکانیشدا هاتووە، بەهۆیەوە نەخۆشی رووی لە نەورەسەکان کردووە کە “مردنی بە کۆمەڵی” پێدەوترێت، ئەمە لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو بەسەر ماسییەکاندا دەهاتن و بە کۆمەڵ مردار دەبوونەوە، بەڵام ئەمساڵ نەورەسەکانی گرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی پشکنینە سەرەتاییەکان کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوویانە پێیان وایە ئەو نیشانانەی لەسەر جەستەی باڵندەکان دەرکەوتووە جۆرێکە لە ڤایرۆس لەنێو باڵندەکاندا بڵاوبووەتەوە.

ئاراس رەسوڵ دەڵێت، “ئێمە بەپێی شارەزایی خۆمان هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێنینەوە، ماوەی هەشت ساڵە لێرە ئیش دەکەین ئەمە یەکەمجارە گۆڕانکاریی کەشوهەوا روو لە نەورەسەکان بکات و رووداوی لەو جۆرە ببینین”.

روونیکردووەتەوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەم کارەساتە ژینگەییە لە کاتێکدایە نەورەسەکان لە وەرزی زاوزێکردن و هێلکەداناندان، بەشێکی زۆری نەورەسەکان لەسەر هێلکەکان کەوتوون هەم نەوەکانیان و هەم دایک و باوکەکانیان بەشێکی زۆریان لەناوچوون، ئەمەش لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەریی زۆر دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی نەورەسەکان کە دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە.

ئاراس رەسوڵ، خاوەنی پڕۆژەی ماسی قەفەسە و ماوەی هەشت ساڵە لەنزیک یەکێک لە دورگەکانی دەریاچەی دوکان کە بە دورگەی نەورەسەکان  ناسراوە و پێی دەوترێت “دورگەی مەلاشەل” کاردەکات و پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی قەفەسیان هەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this