“لە ڕێگەی دانانی دوو خاڵی گومرگی، عێراق فشاری دارایی لەسەر هەرێم دروستدەكات”

0
677

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات حكومەتی عێراقی سەرقاڵی دانانی دووخاڵی گومرگییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و بۆ دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر هەرێم، بۆیە لەسەر ئاستی باڵا كار بۆ ئەوە دەكرێت عێراق ئەو پلانەی جێبەجێنەكات.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەیەكە حكومەتی عێراقی لە هەردوو سنووری پارێزگای موسڵ و دیالە كە هەرێمی كوردستان بە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستنەوە، سەرقاڵی كردنەوەی دوو خاڵی پشكنینی گومرگییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراقدا، ئەو دوو خاڵی پشكنینە یەكێكیان دەكەوێتە پارێزگای موسڵ، نزیك لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و ئەوەی دیكە دەكەوێتە پارێزگای دیالە لە نزیك مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەوڵەی حكومەتی عێراقی بەكردنەوەی ئەو دووخاڵە گومرگییە پێچەوانەی یاسایەو تەنها مەبەست لێی بۆ دروستكردنی فشار و كەمكردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستانە، چونكە هەمووئەو كاڵایانەی لە توركیا و ئێرانەوە هاوردە دەكرێن و دەنێردرێنە شارەكانی عێراق دەبێت لەو دوو خاڵە گومرگییەی موسڵ و دیالە پشكنینیان بۆ بكرێت دواتر رێگەپێدانی بۆ دەكرێت بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق ئەوەش گرفت بۆ بازرگانانی هەرێم دروستدەكات.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە سەر هیڵ بۆ ئەوەی عێراق ئەو بڕیارەی نەخاتە بواری جێبەجیكردنەوە و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكەن، چونكە ئەوەی لەدەروازە سنورییەكانی هەرێم ئەنجام دەدرێت بەگوێرەی تەعریفەی یەكگرتووی عێراقە.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this