پرۆژەی 24 كاتژمێری كارەبا، نرخی نەوتی ماڵانی فڕاندووە

0
254

عەلی حەمە سەعید-SNN

ڕۆژانە نرخی نەوتی سپی ماڵان ڕوو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەكات و لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتووەتە نزیكی 150 هەزار دینار، بەوتەی نەوتفرۆشان ئەگەر نەوت دابەشنەكرێت و نرخی پرۆژەی ڕووناكی كارەباش هەروا بەرز بێت ئەوا تا زستان نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 230 تا 250 هەزار دینار.

ئاراس عەبدوڵا، یەكێك لە فرۆشیارانی نەوت بە SNNی ڕاگەیاند: نرخی نەوت لەم سەرەتای وەرزی پایزەدا زیاد لە پێویست بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە بڕەكەی 220 لیترە گەیشتووەتە نزیكی 150 هەزار دینار، تادەگاتە ماڵەوە 155 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، هاوكات تا ئێستاش دەنگوباسی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەرهاووڵاتیاندا نییە، بۆیە ئەمە وایكردووە خواست لەسەر كڕینی نەوت لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیاد ببێت و بەو هۆیشەوە نرخەكەی زیاتر بەرز بێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو تاڕادەیەكی زۆریش هۆكارە بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی، پەیوەندی بە پرۆژەی ڕووناكی كارەبای 24 كاتژمێریییەوە هەیە، چونكە بەهۆی بەرزی نرخی كارەبا هاووڵاتیان ناوێرن كارەبا وەك بەشێك لە خۆگەرمكردنەوە یان بەكار هێنانی بۆیلەر بۆ گەرمكردنی ئاو بەكار بهێنن، ئەوكات بیر لە كڕینی نەوتی سپی دەكەنەوە، بۆیە لە ئێستاوە هاووڵاتیان نەوت دەكڕن لە ترسی ئەوەی لە زستاندا نرخەكەی لەو بڕە گرانتر دەبێت و لەم بێ مووچەییەدا بۆیان ناكڕێت.

ئەو نەوت فرۆشە جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر نرخی پرۆژەی ڕووناكی كارەبا و هەروەها ئەگەریش پێش وەرزی زستان نەوت دابەشنەكرێت، ئەوا دوور نییە لە وەرزی زستاندا نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە 230 تا 250 هەزار دینار، ئەوەش نرخێكی بەرزە و لەتوانای هەموو هاووڵاتیەكدا نییە بەو نرخە بەرز نەوت بكڕن.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this