لە هەولێر و دهۆك بەنزین دەستناكەوێت و هەڕەشە لە شۆفێران كراوە نابێت خۆپیشاندان بكەن

0
65
بەنزینخانە

عەلی حەمە سەعید-SNN

سەرەڕای ئەوەی نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆك بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە لەهەمان كاتیشدا بەنزین بەهەموو جۆرەكانییەوە دەستناكەوێت، ئەمڕۆش شۆفێرانی هەولێر بەنیازی خۆپیشاندا بوون بەڵام هەڕەشەیان لێكراوە كە نابێت ئەو كارە بكەن.

كاوە سەمەد، یەكێك لە شۆفێرانی تاكسی لە هەولێر بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی نەمانی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەولێر و دەوروبەری خەریكە بەتەواوی ژیان دەوەستێت چونكە كەس ناتوانێت كار بە ئۆتۆمبێلەكەی بكات ئەگەر زۆر زۆر پێویست نەبێت، ئێمە شۆفێرانی تاكسی شكە ژیان و گوزەورانمان لەسەر كاری تاكسییە كارەكانمان ڕاوەستاوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی دوو ڕۆژە لە 90ی بەنزینخانەكانی هەولێر داخراون، ئەوەش بەهۆی بڕیارێكی هەڵەی حكومەتەوە كە خاوەن بەنزینخانەكانی ناچار كردووە بەنزین بەگران بكڕن و بە هەرزان بەشۆفێرانی بفرۆشنەوە، كەسیش ئامادە نییە ئەو كارە بكات، بۆیە ئەمە تەواو گرفتی بۆهاووڵاتیان و شۆفێران دروستكردووە.

ئەو شۆفێرەی شاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ كۆمەڵێك شۆفێری تاكسی بەنیاز بووین خۆپیشاندانێك ئەنجام بدەین و داوای چارەسەركردنی كێشەی بەنزین بكەین لە هەولێر، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكەوە كە جلی مەدەنیان لەبەردا بوو خۆیان بە ئاسایش ناساند هەڕەشەیان لێكردین ئەگەر خۆپیشاندان بكەن كارێكی خراپیان بەسەردا دێنن و بیر لەخۆپیشاندان نەكەنەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN بەهەمان شێوەیەش لە دهۆكیش ڕێگری كراوە لەوەی جارێكی دیكە شۆفێران خۆپیشاندا بكەنەوە و داوای چارەسەركردنی گرفتی نەبوونی بەنزین بكەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this