عەلی زەیدی لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت چەندین بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازی دوورخستەوە

0
0

SNN-
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف لنەسر لە پارێزگای بابل.

لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی خۆی خستەڕوو، کە تێیدا ڕاستی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە کە پێشتر لە ڕاپۆرتی ئاژانسی کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکاندا هاتبوون سەبارەت بە بوونی پاڵاوگەی نایاسایی و پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوت، لەگەڵ تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی دەستکاریکردن و یاریکردن لەم دۆسیەیەدا.

لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی دا بە ڕەوانەکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تێوەگلاو بۆ دادگا، هەروەها بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی چەندین بەرپرسی باڵای ئەمنی، هەواڵگری و ئیداری لە پارێزگای بابل، کە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

فەرماندەی پۆلیسی بابل-

بەڕێوەبەری پۆلیسی باکوری بابل-

بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ-

بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل-

بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری-

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی بابل-

فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل-

فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ-

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆرییە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوت-

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکان، پۆلیس و بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵدەگرن لە هەر حاڵەتێکی بەقاچاخبردنی نەوت کە لە سنووری بەرپرسیارێتییاندا ڕووبدات، و هۆشداری دا کە هیچ بستێک لە خاکی عێراق لە زاخۆوە تا بەسرە نامێنێتەوە کە قاچاخچێتیی تێدا بکرێت.”

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، حکومەت دووپاتی کردەوە کە پابەندە بە پاراستنی سامانی گشتی، بەرەنگاربوونەوەی توندی قاچاغچێتی، و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە کەمتەرخەمی یان تێوەگلانی لەم تاوانەدا بسەلمێنرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this