راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق: لەم کاتەدا دۆسیەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت دادەخرێت و 3 گروپ چەکیان رادەستکردووە

0
15

SNN-

قاسم عەبودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایدەگەینێت، عێراق کار بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکات و تا کۆتایی مانگی 6-ی داهاتوو ئەو دۆسیەیە یەکلایی دەبێتەوە، ئاشکراشی دەکات کە لە کۆی پێنج گروپی چەکدار، سێ گروپیان بە تەواوی چەکەکانیان رادەستکردووە.

عەبودی لە کاتی قسەکردن لە پانێڵێکی گفتوگۆدا لە پەیمانگای “چاتم هاوس” لە شاری لەندەن، رایگەیاند: “ئەمڕۆ عێراق بەهۆی پێگە جیۆسیاسییەکەی وەک سەرچاوەیەکی وزە بووەتە جێی بایەخی جیهان، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوت بگاتە پێنج ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران هەوڵدەدات بەرزی بکاتەوە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا”.

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراقی ئەمڕۆ جیاوازە لە پێش ساڵی 2003، دەستوەردان لە کاروباری ئەمنی وڵاتان ناکات و سوپای لە دەرەوەی سنوورەکانی نییە، هەروەها دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هیچ بنکەیەکی بیانی لەسەر خاکەکەی نەماوە، ئەمەش وایکردووە هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان نەمێنێتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی چەک و گروپە چەکدارەکان، عەبودی وتی: “سەرۆکوەزیران پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە داناوە، پێنج گروپ بەڵێننامەیان واژۆ کردووە و چوونەتە ناو رێککەوتنەکەوە و مەرجی بەشداریکردنیشیان لە حکومەت رادەستکردنی چەک بووە، لەو چوارچێوەیەشدا سێ گروپیان بە تەواوی چەکەکانیان رادەستکردووە و دوو گروپەکەی دیکەش بەڵێنیان داوە لە چەند مانگی داهاتوودا چەکەکانیان رادەست بکەن”.

لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، عەبودی باسی لەوەکرد کە کێشەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا زیاترن بەراورد بە وڵاتانی کەنداو بەجۆرێک سەرەڕای بوونی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار، هەروەها بەغدا توانیویەتی ئەنقەرە رازی بکات بە کشانەوە لە عێراق دوای ئەوەی لە جددیەتی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دڵنیابووەتەوە.

لەگەڵ ئێرانیش، دۆسیە ناکۆکەکان پەیوەندییان بە دیارینەکردنی سنوور، کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان، ئاو و بوونی چوار حزبی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران ئاسایین.

لە کۆتایی قسەکانیدا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جەختی کردەوە کە تا کۆتایی مانگی 6-ی داهاتوو، بە تەواوی کۆتایی بە دۆسیەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەهێنرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this