ئەمڕۆ و سبەی؛ کۆڕبەندی ستراتیجیی سلێمانی بە بەشداریی دەیان سەرکردە و کەسایەتیی ناوخۆیی و جیهانی دەست پێ دەکات

0
84

SNN-
ئەمڕۆ و سبەی، کۆڕبەندی ستراتیجیی سلێمانی لەژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و قوباد تاڵەبانی، بە بەشداریی چەندین سەرکردە و کەسایەتیی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازی لە ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان بەڕێوەدەچێت.

بەپێی زانیارییەکانی کۆڕبەندەکە، 73 سەرکردە و کەسایەتیی ناوخۆیی، عێراقی، هەرێمی و جیهانی وتاریان دەبێت، دیارترین بەشداربووانی ناوخۆیی و عێراقیش پێکدێن لە سەرۆککۆماری عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، باسم خزەیر وەزیری نەوت و خالید شوانی وەزیری دادی عێراق.

هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ژمارەیەک کەسایەتیی باڵا بەشداری تێدا دەکەن، لەوانە: عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، وەزیری دەرەوەی یۆنان، وەزیری دەوڵەتی شانشینی هۆڵەندا، وەزیری پێشووی وەبەرهێنانی بەریتانیا و جەیمس هیپی وەزیری پێشووی دەوڵەت لە بەریتانیا بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان.

ئامانج و کارەکانی کۆڕبەندەکە

ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە بریتییە لە کۆکردنەوەی سەرکردە سیاسییەکان، فەرماندە سەربازییەکان، بازرگانان و بیرمەندان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگارییە ستراتیجییەکان و بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، دیپلۆماسی و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

جگە لەوەش، کۆڕبەندەکە دەستەیەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی باڵای هەیە کە کەسایەتییە دیارەکانی وەک سەرۆکەکانی پێشووی ئۆکراینا، کۆڵۆمبیا، نەیجیریا و سەنیگال، لەگەڵ سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (MI6) و فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا و ناتۆ لەخۆدەگرێت.

گفتوگۆکانی پانێڵەکانی ئەم خولە تایبەت دەبن بە داهاتووی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێکۆڵینەوە لە ئاڵنگارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، دۆخی ئابووری و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی ئەمنی، و پەرەپێدانی دیدگای هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی ناوچە و جیهان.

پێگەی سلێمانی

بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە گرنگییەکی زۆری بۆ شاری سلێمانی هەیە و پێگەی شارەکە وەک ناوەندێکی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئاسایش، ئابووری و دیپلۆماسی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات، بە جۆرێک کە دەبێتە وێستگەیەکی دانپێدانراو لە ڕۆژمێری ستراتیجیی نێودەوڵەتیدا بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دامەزراوەییەکان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this