بافڵ جەلال تاڵەبانى: ئەوەى لە پەرلەمان ڕوویدا داڕمانێکى سیاسیى گەورە بوو و دانى پێدانانێین

0
12

SNN-

کۆڕبەندى ستراتیجیی سلێمانى دەستیپێکرد و لە یەکەم پانێڵدا بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەى چەندین پرسى گرنگەوە قسەى کرد و بە ڕاشکاوى باسى لە دانیشتنەکەى پەرلەمانى کوردستان و هێرشەکەى سەر کۆرمۆر کرد وتی: دان بەو شتە نانێم کە لە پەرلەمانی کوردستان ڕوویدا. پارتی ڕای خەڵكی پێشێل كرد، كوردستان باجی هەڵەی كەمینەیەكی پارتی دەدات و ئەگەر ڕێگە بدەین لەسەر ئەم هەنگاوە بەردەوام بێت ئەوا دەبێتە نەریت.

بافڵ جەلال تاڵەبانى دانیشتنەکەى پەرلەمانى بە هۆکارێک بۆ تێکدان و ئاڵۆزکردنى زیاتر ناوبرد و ڕایگەیاند، ئەوەى لە پەرلەمانى کوردستان ڕوویدا داڕمانێکى سیاسیى گەورە بوو، جەختیکردەوە دان بەو پەرلەمانەدا نانێن.

لەبارەى پەرلەمان و دۆخی ناوخۆوە، بافڵ جەلال تاڵەبانى وتی: “هەرێمى کوردستان پێویستە خۆى کێشەکانى چارەسەر بکات، ئەوەى لە پەرلەمان ڕوویدا بە ڕاستى هەموو دەرگاکانى داخست و کێشەکانى زیاتر کرد، پارتى تێکیدا و بڕواناکەم لێخۆشبوونێک هەبێت بۆ ئەوەى لە پەرلەمان ڕوویدا. قبوڵکراو نییە پەرلەمان ببێتە مەیدانى جەنگ، ئەمە پەرلەمان نییە و دانى پێدا نانێن و ئەوەى لە پەرلەمان ڕوویدا داڕمانێکى سیاسی گەورە بوو”.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد: “ئەگەر ئەمریکا یارمەتیمان نادات بۆ چارەسەر با لە دوورەوە تەماشا بکات، پەیاممان بۆ واشنتن و جیهان ئەوەیە لێگەڕێن خۆمان کێشەکانى خۆمان چارەسەر بکەین، ئێمە دوو ئیدارە و بەڕێوەبردنمان هەیە، تەنیا ویستمان بۆ وێنەیەک لەگەڵ پارتى کۆببێنەوە بەڵام هەندێک لە کەسەکان ئەمەیان قورس کرد و بیانوویان گرت، کەمینەیەک لەناو پارتى هیچ شتێکى پێ قبوڵ نییە”.

سەبارەت بە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند: “زۆر زووە ئاماژە بەو کەسانە بدەم کە لە پشت هێرشەکەى کۆرمۆرەوە بوون، ئێرانییەکان گرەنتیانداوە کە ئەوان لە پشت هێرشەکەوە نەبوون، دەبێت زۆر بە جددى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر کۆرمۆر بکرێت و متمانەم بە حکومەتى زەیدى هەیە بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات، ئەگەر بەغداد ناتوانێت سیستمى بەرگریمان بۆ دابین بکات ئەوا با ڕێگەبدەن خۆمان بیکڕین”.

لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتى و بەغدا بافڵ جەلال تاڵەبانى وتی: “پارتى ناتوانێت ڕۆڵێکى بونیادنەرى لە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئیدارەدانى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا لەلایەن پارتییەوە هەڵەیە. خەڵکى کوردستان بێزارە لەوەى لە کوردستان دەگوزەرێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان یارمەتى خەڵک نادات، ئێمە ئەو ئەرکە دەگرینە دەست و پڕۆژەمان دەبێت بۆ کارەبا و غاز کە قازانج نەویست بن”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە هەڵسەنگاندنى بۆ ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، بافڵ جەلال تاڵەبانى ڕایگەیاند: “کۆتا سەردانم بۆ تاران زۆر باش بوو، ئێرانى ئێستا جیاوازە و بەرێز پزیشکیان گۆڕانکارى کردووە و ئێرانییەکانیش گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەى کە دەبێت ئێران بگۆڕدرێت. ئیسرائیل لەڕووى سەربازییەوە سەرکەوتنى بەدەستهێناوە، بەڵام لە ڕووى ناوبانگەوە زیانى کردووە، با ئێران و ئیسرائیل ڕقیان لە یەکدى بێت، بەڵام هێرش نەکەنە سەر یەکدى”.

لە کۆتاییشدا بافڵ جەلال تاڵەبانى جەختی کردەوە: “وەکو هەمیشە بۆچوونم وایە باوکى کوردەکان هەر دەبێت کوردەکان خۆیان بن، من هاوڕێى زۆر نزیکى ئەمریکى، ئێرانى و بەریتانییەکانم”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this