سوپای پاسداران: هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکران

0
19
كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فه‌رمانده‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێران | فۆتۆ: WSJ

SNN

سوپای پاسدارانی ئێران کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە “دەرکردن” وەسف دەکات، هاوکات دۆناڵد ترەمپیش رایدەگەیەنێت، ئەمریکای لە “زۆنگاوێک” رزگار کردووە کە لە ساڵی 2003ـەوە تێوەگلابوو.

پیرۆزبایی بۆ گەلی عێراق و بەرەی موقاوەمە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و بەرەی موقاوەمە کرد. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق بەرهەمی خۆڕاگریی گەلی ئەو وڵاتە بووە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، هەروەها گەلی عێراق بە خۆڕاگرییە مێژووییەکەی سەلماندی کە ئیرادەی نیشتمانی بەهێزترین چەکە لە رووبەڕووبوونەوەی پاوانخوازیی داگیرکەران.

بانگەشەی تاران بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بە کشانەوە
سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا ناچار بە کشانەوە کراوە و رۆیشتنی ئەو هێزانە بە دانوستاندن نەبووە، بەڵکو بە هەوڵ و خۆڕاگریی گەل، خوێنی تێکۆشەران و ئیرادەی نەبەزیوی بەرەی موقاوەمە بووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئێستا عێراق سەربەرز و ئازاد لەسەر وێرانەکانی داگیرکاریی 20 ساڵە وەستاوە و بینەری هەڵهاتنی خۆری سەربەخۆییە.

ئاماری کوژراو و تێچووی دارایی ئەمریکا بەپێی سوپای پاسداران
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ماوەی مانەوەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نزیکەی 5 هەزار سەربازی ئەمریکی کوژراون و 4 هەزار ملیار دۆلاریش تێچوویان هەبووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەزموونی دوو دەیەی رابردوو دەریخستووە بوونی ئەمریکا ئاسایشی بەدینەهێناوە، بەڵکو خۆی سەرچاوەی نائارامی، تیرۆر و ناسەقامگیری بووە، بۆیە پێویستە ئەمریکا ناوچەکە جێبهێڵێت و بەڕێوەبردنی ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە جێبهێڵێت.

هەوڵەکان بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکە
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی گەلی عێراق تاوەکو دەرکردنی تەواوەتی سوپای ئەمریکا، هاوکات دەرکردنی ئەو هێزانە لە عێراق وەک سەرەتایەک دەبینێت بۆ دەرکردنیان لە سەرانسەری رۆژئاوای ئاسیا و جوگرافیای وڵاتانی ئیسلامی.

کۆتاییهاتنی ئەرکی 12 ساڵەی هاوپەیمانان
رۆژی 30ـی ئەیلوول، دوایین سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە. ئەو هێزانە لە ساڵی 2014ـەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاتبوونە عێراق، لە کاتێکدا ئەو گرووپە کۆنترۆڵی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی کردبوو.

هەڵوێستی ترەمپ: رزگاربوون لە زۆنگاوێکی 23 ساڵە
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس سۆشیال” پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان رزگاربوونە لە “زۆنگاوێک” کە بەهۆی بڕیاری هەڵەی سەرۆکەکانی پێشووەوە ئەمریکای تێوەگلاندبوو، کاتی ئەوەش هاتووە سەربازەکان بگەڕێنەوە ماڵەوە. ترەمپ وێستگە مێژووییەکانی جەنگەکەی بەبیرهێنایەوە و گوتی، ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2003 لە سەردەمی جۆرج دەبلیوو بوش دەستیپێکرد، لە سەردەمی باراک ئۆباما و جۆ بایدن بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2026 لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا کۆتایی پێهات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this