عەلی زەیدی پاکێجێکی ڕێکاری نوێی بۆ ئاسانکاریی دابینکردنی دۆلار و سەقامگیریی بازاڕەکان دەرکرد

0
198

SNN-

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە پاکێجێکی ڕێکاری نوێی بۆ ئاسانکاری لە دابینکردنی دۆلار و سەقامگیرکردنی بازاڕەکان ڕاگەیاند، هاوکات فەرمانی کرد بە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری فراوانکردنی ڕۆڵی بانکەکان بۆ پڕکردنەوەی کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمیی پەسەندکراو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ شەممە عەلی زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی و بانکە حکومییەکانی کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سیاسەتی نەختینەیی، پێداچوونەوە بە دۆخی بانکە حکومییەکان و پلانەکانی دووبارە پێکهێنانەوە و پەرەپێدانی کارەکانیان، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ڕێکارانەی کە دەبنە هۆی سەقامگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆدا”.

بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بانکە حکومییەکانی ڕاسپاردووە بە “ئاسانکردنی ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی تایبەت بە دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ، هەروەها وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بە ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج و ڕسووماتی گومرگیی سەپێنراو بەسەر کاڵا و شتومەکە هاوردەکراوەکاندا، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی ئاسان بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی هاوردەکردن و سەقامگیریی جووڵەی بازاڕەکان”.

هەروەها فەرمانی کردووە بە “پێکهێنانی لیژنەیەک کە ژمارەیەک وەزیر و سەرۆکی دەستە پەیوەندیدارەکان لەخۆبگرێت، بۆ ئامادەکردنی پێشنیارە پێویستەکان سەبارەت بە پێناسی گومرگی، بە مەرجێک لیژنەکە لە ماوەیەکدا کە لە 72 کاتژمێر تێپەڕ نەکات کارەکانی تەواو بکات”.

لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی دراوی بیانی بە نرخی فەرمی، سەرۆکوەزیران بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) ڕاسپاردووە بە “فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی پەسەندکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە 1520 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، هەروەها فەرمانی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری فراوانکردنی ڕۆڵی بانکەکان لە پڕکردنەوەی کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمیی پەسەندکراو و بە ئاستێکی گونجاو کە دەگاتە 100 هەزار دۆلاری مانگانە، بەپێی ڕێنمایی و توانا بەردەستەکان”.

هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم بانکە حکومییەکانی ڕاسپاردووە بە “ئاسانکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان و تەواوکردنی لە ماوەیەکدا کە لە 24 کاتژمێر تێپەڕ نەکات، بە ئامانجی کورتکردنەوەی ڕۆتینی کارگێڕی و خێراکردنی مامەڵە بانکییەکان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this