“دەبوو عێراق لەبری 200 ملیار دینارەكە 550 ملیاری بناردایە”

جەمال کۆچەر
SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات لە بودجەی گشتی عیراق پشكی هەرێم بە 550 ملیار دینار دیاریكراوە بەڵام بەغدا 200 ملیار دیناری ناردووە و فەرمانبەرانی هەرێمیشی بە 682 فەرمانبەر ئەژماركردووە بەڵام ئەم بابەتە تێكەڵ بە لایەنی سیاسی كراوە و حكومەتی هەرێمیش پابەند نەبووە بەو ئەركانەی لەسەر شانیەتی.
د.جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوولە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: بڕی ئەو 200 ملیار دینارەی كە تا ئێستا عێراق ڕەوانەی هەرێمی كردووە دەبوو بڕی 550 ملیار دیناری مانگانە بووایە، چونكە لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەڕوونی باس لە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق كراوە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە كە ژمارەیان 682 هەزار فەرمانبەرە و بڕی پارەكەیش بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە دیاری كراوە 550 ملیار دینارە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێم هەر لە سەرەتاوە بەوەڕازی بووە كە 200 ملیار دیناری بۆ رەوانە بكرێت، ئەوەش هەڵەبوو نەدەبوو ئەوە ڕووبدات، چونكە ئەوە ئێستا بووەتە ئەمری واقیع و هەرێم ئەو پارەیەی قەبوڵ كردووە ببێتە بەشێك لە بوودجەی هەرێم بۆیە تا ئێستا حكومەتی عێراقی مانگانە 200 ملیار دینار دەنێرێت كە دەبوو بڕی 550 ملیار دینار بوایە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عیراق ئەوەشی ڕوونكردەوە كە لەلایەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق تێكەڵ بە ململانێی سیاسی كراوە، لەلایكی دیكەشەوە حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بەو ئەركانەی بۆی دیاریكراوە لە ڕادەستكردنی نەوت و گیرانەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەكان.








