چی دەبێت ئەگەر سبەينێ دانيشتنی پەرلەمان بەڕێوەنەچێت؟

0
489

تا دێت ململانێی لايەنە عێراقييەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار قوڵتر دەبێتەوە، هەڵوێستە لە ناکاوەکەی رەوتی سەدريش هێندەی ديکە لێڵی خستووەتە يەکلای بوونەوەی چارەنوسی ئەو پۆستە، لە ئێستادا عێراق چاوی لە دانيشتنەکەی سبەينێ 2022/2/7ی پەرلەمانە کە تا ئێستا ديار نييە بەڕێوەدەچێت ياخود نا؟

ئەگەر وەڵامی ئەو پرسيارە نەخێر بێت، با بزانين چی روودەدات؟

بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 72ی دەستووری عێراق، ماوەی سەرۆککۆمار بە کۆتاییهاتنی خولی پەرلەمان تەواو دەبێت، بەڵام لە بڕگەی دووەمی ئەو ماددەیەدا، ئەگەر رۆژی دووشەممە 7ی شوباتی 2022، پەرلەمانی عێراق سەرۆککۆمار هەڵنەبژێرێت، ئەوا سەرۆککۆماری عێراق لە ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت، چونکە لەو ماددەیەدا هاتووە تاوەکو سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، سەرۆککۆمار بەردەوام دەبێت.

“سەرۆککۆماری پێشوو لە پۆستەکەيدا بەردەوام دەبێت”

لەو بارەيەشەوە، هاوژین عومەر راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لە لێدوانێکيدا دەڵێت: “ئەگەر کۆبوونەوەی 7ی شوباتی پەرلەمانی عێراق نەکرێت، ئەوا بۆشایی دەستووریی دروست نابێت، چونکە بەپێی دەقەکانی دەستووری عێراق سەرۆککۆمار لەپۆستەکەیدا بەردەوام دەبێت تاوەکو پەرلەمان سەرۆکێک لە خولی نوێیدا هەڵدەبژێرێتەوە، هیچ بۆشاییەکی دەستووریش دروست نابێت، چونکە سەرۆکی پێشوو ئامادەیە و بەردەوامە”.

لەسەر هەمان پرس، حاکم لەتیف مستەفا شارەزای یاسایی باس لەوە دەکات “ئەگەر تاوەکو 9ی مانگ پەرلەمانی عێراق سەرۆککۆمار ‌‌هەڵنەبژێرێت سەرپێچی یاسای کردووە، دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت بەهۆی ئەوەی یاسای جێبەجێنەکردووە و لەکاتی دیاریکراودا سەرۆک کۆماری هەڵنەبژاردووە، بەڵام پەرلەمان تەنیا خۆی دەتوانێت لێپێچینەوە لە خۆی بکات بۆیە ئەمە روونادات”.

“وادەيەکی ديکە بۆ دانيشتنی پەرلەمان دادەنرێت”

لە پاش بڕيارەکەی سەدريش بەشێک لە پەرلەمانتاران و شارەزايانی ياسای جەخت لەوە دەکەنەوە: بەهۆی بڕيارەکەی موقتەدا سەدرەوە پێناچێت سبەينێ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، بەڵکو لەکاتێکی دیکەدا کە لەلایەن سیاسییەکان لەسەری رێکدەکەون جارێکی دیکە دانیشتن دەکرێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار هەڵبژێرن.

جياواز لەم بۆچوونانەش، هۆشيار عەبدوڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکيدا ئەوە دەخاتەروو: ئەگەر 7ی مانگ دانيشتنی پەرلەمان بەڕێوەنەچێت، لەوانەيە دادگای فيدڕاڵی وا لێکی بداتەوە کانديدەکانی پەرلەمان نەيانتوانيوە زۆرينە پێکبهێنن بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان وە بڵێت دانيشتنەکە بەهۆی ئەم کانديدانەی ئێستای سەرۆککۆمارەوە شکستی هێناوە، بۆيە دەبێت کانديدی نوێ پێشکەشبکرێت.

دوێنێ شەممە، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسيدا رایگەیاند: لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر سەرجەم دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنەکان رادەگرين، وتيشی “بەشداری لە دانیشتنی رۆژی 7ـی مانگ ناکەین پەرلەمانتارانمان ئامادەی دانیشتنەکە نابن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this