زەڕەنگەرێک: نرخی زێڕ لە 15 رۆژدا 50 هەزار دابەزيوە

0
484

SNN-عەلی حەمە سەعید

دابەزینی نرخی زیڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و جیهان بەردەوامی هەیە و بە وتەی زەڕەنگەران لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردووا هەر یەك ئۆنستە زیڕ زیاد لە 50 هەزار دینار لە بەهاكەی خۆی لەدەستداوە، ئابوریناسێكیش ئاماژە بەوەدەكات: بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی زێڕ كاریگەری لەسەر كۆی كۆمەڵگا ناكات بەڵكوو ژمارەیەكی كەم هاووڵاتیان یان سودمەند دەبن یاخود زیان دەكەن.

ئاری ڕەحمان، یەكێك لە زەڕەنگەرەكانی شاری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: دابەزینی نرخی زێڕ ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامی هەیە سەرەتا چەند سەنتێكی كەم نرخی زێر دادەبەزی بەڵام لە ئێستادا خەریكە ڕۆژانە نزیك دەبێتەوە لە دۆلارێك لە هەر ڕۆژێكدا، بەگشتی لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا نرخی ئۆنسەيەك زێڕ 50 هەزار دینار دابەزیوە، هاوكات بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی نرخی زێڕی جیهانی، نرخی زێڕ ئەمڕۆ دابەزینی زیاتری تۆماركردووە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو و لە ئێستادا یەك ئۆنسەی زێڕ لە هەزار و 707 دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهان و هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ زیادكردنی نرخی سوودی بانكەكانی ئەمریكا كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر نرخی زێڕ هەیە و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان پەیوەستین بە نرخە جیهانییەكانەوە، بۆیە نازانین لەڕۆژانی داهاتوودا چ گۆڕانكارییەكی دیكە لە نرخی زێر دێتە ئاراوە.

ئەو زەڕەنگەرە ئەوەشی خستەڕوو: لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا كە نرخی زێڕ هەرزانبووە، هاووڵاتیان خۆیان بەدوور گرتووە لە مامەڵەكردن بە كڕین و فرۆشتنی زێڕەوە فرۆشتن زۆر كەمبووەتەوە یاخود هەر نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لەهاووڵاتیان بەتایبەت ئەوانەی تازە هاوسەرگیری دەكەن بە دەرفەتی دەزانن لەم هەرزانبوونەی زێڕدا زێڕەكانیان بكڕن، بەڵام هێشتاش هەندێك هاوسەر هەن چاوەڕێی زیاتر دابەزینی زێڕن.

عوسمان محەمەد، ئابوریناسيش ئەوەی بۆ SNN ڕوونكردەوە: كە دابەزین و بەرز بوونەوەی نرخی زێڕ هێندەی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بەتایبەت نەوت كاریگەری لەسەر ژيانی هاووڵاتیان نابێت، چونكە زێڕ تەنها چەند كەسێكی دیاریكراو لە بازرگانان یاخود ئەوانەی دەچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە مامەڵی كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكەن بۆیە هەر ئەوانن یان سودمەند دەبن یاخود زیان دەكەن لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخەكان.

وتەكانی ئەو زەڕەنگەرە و ئابووریناسە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەك شەممە 17/7/2022 نرخی هەر گرامێك زێری عەیارە 24 دابەزیووە بۆ 54 دۆلار و هەشت سەنت و هەر كیلۆیەكیش بەرامبەر 54 هەزار و 822 دۆلارە.

هاوكات، ئەمڕۆ نرخی زێڕ لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەم جۆرەیە زێڕی عەیار 21 به 370 هەزار دینارە، زێڕی عەیار 18 به 310 هەزار دینارە، زێڕی عەیار 22 به 378 هەزار دینارە وزێڕی عەیار 24 به 406 هەزار دینار.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this