نهێنی مەترسیدار لەسەر عێراق لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەلاوی بڵاودەبێتەوە

0
995

SNN

گۆڤاری “ئەتلانتیک”ی ئەمریکی راپۆرتێکی ورد لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی کتوپڕی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی پێشووی عێراق بڵاو دەکاتەوە و لەو نامەیەی کە وەزیری پێشویی دارایی عێراق چەندین کۆد و نهێنی مەترسیدار لە عێراق ئاشکرا دەکات.

گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە 16ی ئابی ساڵی رابردوو، عەلی عەلاوی و سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی عێراقی لە کۆشکی کۆماری ئامادەبوون، عەلاوی داوا دەکات کە نامەیەک بە دەنگی بەرز بۆ تەواوی وەزیرەکان و سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق بخوێنێنتەوە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە داواکەی عەلی عەلاوی رازی دەبێت، کە کۆی پەیامەکەی گوزارتشت بووە لەوەی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، عێراق بووەتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو و دارزاوی دەستی گەندەڵی.

راپۆرتی گۆڤارە ئەمریکییەکە لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی عەلی عەلاویدا ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە وەزیری دارایی عێراق بەردەوام باندێکی بە دەورەوە بووە بەجۆرێک کە خودی وەزیری دارایی دەسەڵاتی ئەوتۆی نەبووە بەسەریاندا و هەر خودی ئەم باندەش لە وەزارەتی دارایی دەستیان دەکرد بە دامەزراند و لابردن و پلە بەرزکردنەوەی خەڵک، کە عەلی عەلاوی بە “ئەختەبووتی فراوانی گەندەڵی و فێڵکردن” ناویان دەبات.

عەلاوی لە پەیامەکەیدا ئەوەش دەڵێت “عێراق لەسەر لێواری داڕمانە، لە ئاستی دەوڵەت و کۆمەڵگا و تەنانەت تاک”دا ڕووبەڕووی قەیرانێک دەبێتەوە لە مێژوودا بوونی نەبێت، کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە بوونی سەرکردەی گەندەڵ و نا شەفافەوە نییە، بەڵکو کۆی پرۆسەی دەوڵەتداری لە عێراقدا کۆتایی هاتووە، عەلاوی دەشڵێت، عێراق تووشی جۆرێک لە قەیران دەبێت لە 100 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووبێت.

لە راپۆرتەکەدا پەیامی دەستلەکارکێشانەوەی بەروونی باس لەوە دەکات کە چۆن گەندەڵی قووڵتر بوو لەوەی کە ئاگاداری بوو، و ئەو فێری راستییە ترسناکەکان بوو سەبارەت بە تێکچوونی میکانیزمەکانی دەوڵەت لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، و کە لایەن و گروپە بەرژەوەندیخوازەکان، کە لە راستیدا دەستیان بەسەر دەوڵەتدا گرتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەزارەتی دارایی خۆی قەرەباڵغ بووە لە خەڵک “ئەوان هیچ ئەزموونێکی گرنگ و لێهاتوویی زمانەوانییان نییە، و تەنها کەمێک هۆشیارییان هەیە لە پراکتیکە مۆدێرنەکان لە کارگێڕی گشتی و کاروباری داراییدا. ”

عەلی عەلاوی نەخشەیەکی وردی بۆ خۆی ئامادەکرد کە لە فەرمانبەرانی وەزارەتەوە دەستپێدەکات، سەر بە هەر لایەنێکن، بەڵام بۆی ڕوون بووەوە کە هێزی ڕاستەقینە لە دەستی سەرکردەکانی لایەنەکاندایە، ئۆلیگارشی و سەرکردەکانی میلیشیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە خودی عەلاوی چەندین جار هەرەشەی لێکراوە بەهۆی ئەوەی کە سەرکردەی حزبێکی بانگکردووە بۆ لێپێچینەوە لە داهات و ئەو سامانەی کە دەستی دەکەوێت.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، کە وەزیری پێشووی دارایی عێراق هەوڵی دا سەرجەم فەرمانبەران لە عێڕاقدا لە ڕێگەی “iQ card” کارتی بانکییەوە مووچە وەربگرن و خانەنشینان بتوانن بە ئاسانترین شێوە مووچەکانیان پێ بگات، تا ژمارەی راستی فەرمانبەرانی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی ئاشکرابێت، راستە لە هەندێک دەستە و وەزارەت ئەم جۆرە پێدانی مووچەیە سەریگرت بەتایبەتی خانەنشینی، بەڵام نەتواندرا لە سەرجەم دەستە و وەزارەتەکان پەیڕەو بکرێت بەهۆیی بوونی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی نا دیار کە عەلاوی بە “فەرمانبەری خێو” ناوی دەبردن بۆیە هەر زوو ئەم پرۆژەی پێدانی مووچە بە شێوەی کارت لە بەشێكی زۆری داموودەزگاکان جێبەجێ نەکرا.

عەلاوی لە پەیامی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بە روونی باس لە سیاسییە گەندەڵەکانی عێراق دەکات، کە لە ساڵی 2003وە بە ئاگاداری ئەمریکاش دۆخی عێراق گەیەندراوەتە ئەم ئاستەی گەندەڵی کە ئێستا تێدایە و هیچ وەزارەت و دەستەیەکیش بێبەری نییە لە کاری گەندەڵی و بەرتیل و قۆرخکاری و بە هەدەردانی سامانی نەتەوەی گەلی عێراق.

هەر بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکە عەلاوی ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا و دەڵێت، ئەو ئێستا پەشیمان نییە لەوەی بۆ عێراق کە ویستوویەتی بیکات، بەڵام بە هیواش نییە بۆ ئەو دۆخەی کە ئێستا عێراقی تێدایە ئەگەر گەلی عێراق خۆی تەواو هۆشیار نەکاتەوە و دژی گەندەڵی نەوەستێتەوە لە تەواوی سێکتەرەکاندا.

س.ن

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this