مەزڵوم عەبدی: لامەرکەزییەت بۆ سوریا گرنگە

0
201

SNN

جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لە لێدوانێکدا رایدەگەیەنێت، لە قۆناغێکی زۆر گرنگی سوریای نوێداین، چونکە سوریا لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکاندایە لەگەڵ ڕۆژئاوا، دەڵێت “لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی تر کاردەکەین بۆ پاراستنی سوریا”.

جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیمی ئیسرائیلی رایدەگەیەنێت، لەو کاتەوەی ترەمپ هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (USAID)ی کەم کردەوە یان نەیهێشت، ئێمە هێزی مرۆیی و پشتیوانیی مرۆیی زۆر کەمترمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کەمپی ئەلهۆل بۆ ئاوارەکانی داعش.”

ئاشکرایکردووە، “هاوکارییەکان کەمن، هێزی ئەمنیش کەمترن. ئێستا هەسەدە دەبێت خەرجی ئەم پێداویستییانە لە بودجەی خۆی دابین بکات بۆ ئەوەی ئاسایشی کەمپەکە بپارێزێت. ڕێکخراوی ناحکومی (NGO)ی کەمترمان لێرە هەیە بۆ پشتیوانی ئەرکەکە و – لە بودجەی هەسەدە – دەبێت هێز دابین بکەین و کەمپەکە بپارێزین سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی کەممان بۆ بەرگری لە خۆمان هەیە”.

هاوکات، عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی سوریا بۆ لامەرکەزییەت کردەوە و وتی “ئێمە لە قۆناغێکی زۆر گرنگی سوریای نوێداین، چونکە سوریا لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکاندایە لەگەڵ ڕۆژئاوا.”

روونیکردووەتەوە،”پێش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی داعش بووینەوە لێرە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئێستا زۆر ناوەندی دەستبەسەرکردن، خێزانەکانی داعش و شانە نوستووەکانی داعشمان هەیە کە هێشتا لێرە کار دەکەن. ئێمە هێشتا سەرباز لەدەست دەدەین لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەسەدە لە ڕەققە، دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە.”

جەنەراڵ عەبدی لە درێژەی قسەکانیدا وتی “ئێمە زیاتر لە 26 ناوەندی دەستبەسەرکردن و سێ زیندانی سەرەکیمان هەیە کە کۆی گشتی نزیکەی 10،000 زیندانیی پیاوی داعشیان تێدایە. زیندانە سەرەکییەکان لێرەن لە حەسەکە… کە هەریەکەیان 3000 بۆ 4000 زیندانی تێدایە، هەروەها زیندانی دیکە لە ڕەققە کە هەزار و 500 زیندانی تێدایە، لە قامیشلۆ 1000 زیندانی تێدایە. ئەمانە چەکداری زۆر مەترسیدارن.”

عەبدی ڕوونی کردەوە: “سوپای ئەمریکا هەمیشە هەوڵ دەدات سەرنج بخاتە سەر ئەمە (شەڕی دژی داعش). ئێمە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و دەریاوان بڕاد کوپەرمان هەیە کە زۆر پشتیوانن، بەڵام سوپای ئەمریکا پێویستی بە پشتیوانیی سیاسیی زیاتر هەیە لە کۆنگرێس. پشتیوانیی سیاسی لە کۆنگرێسەوە زۆر گرنگە.”

وتیشی “ترەمپ دەیەوێت سوریا مەزن بکاتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەمە، دەبێت پشتیوانی لە هەسەدە بکات. دەبێت هەسەدە لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا بێت، یارمەتیی ئەمریکا زۆر پێویستە بۆ پرسی لامەرکەزییەت لە دەسەڵاتی سوریادا.”

ئەوەشیخستووەتە ڕوو، “ئێمە لەگەڵ تۆم باراک – نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا – و سوپای ئەمریکا، هەروەها هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان کۆبووینەوە. ئێمە باسی تێکەڵبوونمان کرد لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا، سوپای نیشتمانیی سوریا، و وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئێمە 100،000 سەربازمان هەیە، لەوانە 70،000 شەڕڤان و 30،000 پۆلیس و ئاسایش، ئەوان هێڵی یەکەمن بۆ پاراستنی ناوچەکانی خۆیان.”

دەڵێت “ئێمە ڕێککەوتووین لەسەر هێشتنەوەی سێ دابەشکردنی (firqe) هەسەدە و دوو کەتیبەی تایبەت. یەکێکیان تەرخان دەکرێت بۆ ئاسایشی سنوور، و ئەوەی دیکە کەتیبەی ژنانە، و هەموومان دەبینە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری. ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێستا تێدەگات کە ئەمە بۆ ئێمە گرنگە بۆ پاراستنی یەکپارچەییمان لە کاتێکدا هاوکاری سوپای نیشتمانی دەکەین، سەقامگیری لە ناو دیمەشق پێویستی بە مانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لێرە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.”

سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا روونیکردەوە،  “تەحدیاتی گەورە هەن لە تێکەڵکردنی هێزەکاندا. چۆن دەتوانین کەتیبەی ژنان تێکەڵ بکەین؟ ئەوان هیچ کەتیبەیەکی ژنانیان نییە، و ئێمە ناتوانین ژنە شەڕڤانەکانمان جیا بکەینەوە.”

دەڵێت “هەسەدە ئامادەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزە کاراکانی دیکە کار بکات بۆ پاراستنی سوریا، هاوکات عەلەوی و دروزەکان پشتیوانی هەسەدە دەکەن، هەروەها عەرەبە عەلمانییەکانی سوریاش، ئەم پشتیوانییە دەکرێت هەسەدە بەهێز بکات.

لە کۆتایدا جەنەراڵ عەبدی وتی”دەبێت ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی هاوسەنگتر ببینن. هیچ بەدیلێک بۆ هەسەدە نییە؛ ئێمە پێویستە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ئەحمەد شەرع ببینین، نەک تەنها بەڵێن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this