قەرز بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و مۆبیلیات لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە دەستپێدەکات

0
0
مووچەخۆرانی هەولێرن لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن

SNN-

پڕۆژەی “هەژماری من” دەگاتە قۆناغێکی نوێ و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ 19 خزمەتگوزاریی بانکی کارا بکرێن، لە سەرووی هەمووشیانەوە دابینکردنی قەرز و پێشینە بۆ مووچەخۆران بە مەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل، مۆبیلیات و پێداویستییەکان. دوای زیاتر لە سێ ساڵ و نیو لە پشتبەستن تەنیا بە ڕاکێشانی مووچە، پڕۆژەکە بە فەرمی دەچێتە قۆناغی خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی 1 ملیۆن و 190 هەزار مووچەخۆر، تا ئێستا زیاتر لە 1 ملیۆن و 10 هەزار کەس مووچەکانیان بە کارت وەرگرتووە و سەرجەم کارتەکانیش بۆ کڕینی کاڵا لە ڕێگەی ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن (POS) کاراکراون. هەروەها حەوت بانکی ناو پڕۆژەکە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیدا ئەم قەرز و پێشینانە بە مووچەخۆران دەدەن.

پلان و خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە

 خستنەکاری سەرجەم پاکێجەکانی قەرز و پێشینەی درێژخایەن لەلایەن 7 بانکی بەشداربووەوە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکان، بە مەرجێک سوودەکەی بەگوێرەی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دیاریبکرێت.

 پێدانی ئازادیی تەواو بە مووچەخۆران بۆ گواستنەوەی هەژمارەکانیان لەنێوان بانکەکاندا بە ئامانجی دروستکردنی کێبڕکێ لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی سوود.

 بەکارهێنانی فراوانی ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن لە بازاڕدا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی کاش لە کڕینی ڕۆژانەدا.

پۆلێنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان

لە کۆی 19 خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە، 7 خزمەتگوزارییان بە پارە دەبن؛ لەوانە ڕاکێشانی مووچە، نوێکردنەوەی کارتی ونبوو یان لەکارکەوتوو، دەرکردنی ژمارەی نهێنی و ڕاکێشانی پارە لە ئامێری بانکێکی دیکەدا. لە بەرانبەردا، 12 خزمەتگوزاریی دیکە بە بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێن، لەوانە کردنەوەی هەژمار، بەڕێوەبردنی ئەپڵیکەیشن، کڕینی ئۆنلاین و ئاگادارکردنەوەی کورتەنامە.

ئەم پێشکەوتنانە لە کاتێکدایە کە نووسینگەی سەرەکیی پڕۆژەکە ڕادەستکردنی دۆسیە کارگێڕییەکانی بە وەزارەتی دارایی و ئابووری یەکلاکردووەتەوە، تاوەکو بانکە بەشداربووەکان پێش سەری ساڵ تەواوی خزمەتگوزارییەکان ڕابگەیەنن و پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەخۆران لە هەرێمدا بە تەواوەتی جێبەجێبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this